یەکەم ساموئێل
1
لەدایکبوونی ساموئێل
پیاوێک هەبوو لە ڕاماتەیمی چوفییەکان لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم، ناوی ئەلقانەی کوڕی یەرۆحامی کوڕی ئەلیهوی کوڕی تۆحوی کوڕی چوفی ئەفرایمی بوو. دوو ژنی هەبوو، یەکێکیان ناوی حەنا و ئەوی دیکەیان ناوی پەنینا بوو، پەنینا منداڵی هەبوو، بەڵام حەنا منداڵی نەبوو.
ئەم پیاوە هەموو ساڵێک لە شارۆچکەکەیەوە دەچوو بۆ کڕنۆشبردن و سەربڕینی قوربانی بۆ یەزدانی سوپاسالار لە شیلۆ و لەوێ دوو کوڕەکەی عێلی کاهینی یەزدان بوون، کە یەکێکیان ناوی حۆفنی و ئەوی دیکەیان ناوی فینەحاس بوو. جا کە ڕۆژی ئەوە هات ئەلقانە قوربانی سەرببڕێت و بەشی پەنینای ژنی و هەموو کوڕ و کچەکانی بدات، بەڵام دوو بەشی دایە حەنا، چونکە حەنای خۆشدەویست هەرچەندە یەزدان منداڵدانی بەستبوو. هەوێیەکەشی بەردەوام پەستی دەکرد بۆ ئەوەی بێزاری بکات، چونکە یەزدان وەجاخی کوێر کردبوو. ساڵ لەدوای ساڵ هەر کاتێک حەنا دەچووە ماڵی یەزدان، هەوێیەکەی وای دەکرد و ئاوا پەستی دەکرد، بۆیە حەنا دەستی بە گریان کرد و نانی نەخوارد. ئیتر ئەلقانەی مێردی پێی گوت: «حەنا، بۆچی دەگریت و نان ناخۆیت؟ بۆچی دڵگرانیت؟ ئایا من لە دە کوڕ چاکتر نیم بۆت؟»
لەدوای ئەوەی لە شیلۆ نانیان خوارد و خواردییانەوە، حەنا هەستا، عێلی کاهینیش لەسەر کورسییەک لەلای چوارچێوەی دەرگای چادری پەرستنی یەزدان دانیشتبوو. 10 حەناش بە پەژارەوە نوێژی بۆ یەزدان کرد و دایە پڕمەی گریان. 11 حەنا نەزرێکی* کرد و گوتی: «یەزدانی سوپاسالار، ئەگەر بەڕاستی تەماشای داماوی کارەکەرەکەت بکەیت و بە یادی خۆتم بهێنیتەوە، کارەکەرەکەت لەبیر نەکەیت و کوڕێکی پێبدەیت، ئەوا من ژیانی کوڕەکە بە یەزدان دەبەخشم و گوێزان بەسەر سەریدا نایەت.»
12 ئەوە بوو کە لەبەردەم یەزدان زۆر نوێژی کرد و عێلیش سەیری دەمی دەکرد، 13 حەناش لە دڵی خۆیدا دەیگوت و تەنها لێوەکانی دەجوڵانەوە و دەنگی نەدەبیسترا، عێلی وای زانی سەرخۆشە. 14 جا پێی گوت: «هەتا کەی سەرخۆش دەبیت؟ شەرابەکەت لە خۆت دووربخەرەوە.»
15 حەناش وەڵامی دایەوە و گوتی: «نەخێر گەورەم، من ژنێکی دڵتەنگم، شەراب و خواردنەوەی مەستیم نەخواردووەتەوە، بەڵکو دەردی دڵی خۆم لەبەردەم یەزدان هەڵدەڕێژم. 16 کارەکەرەکەت بە کچێکی بەدکار مەزانە، لەبەر خەم و خەفەتی زۆرم، هەتا ئێستا قسەم دەکرد.»
17 عێلیش وەڵامی دایەوە و گوتی: «بڕۆ بە سەلامەتی و با خودای ئیسرائیل ئەو داواکارییەت پێبدات کە لێت داوا کردووە.»
18 حەناش گوتی: «با کەنیزەکەت لەبەرچاوانت پەسەند بێت.» ئینجا حەنا بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت و نانی خوارد و خەم لە ڕووی ڕەوییەوە.
19 بەیانی زوو لە خەو هەستان و لەبەردەم یەزدان کڕنۆشیان برد و گەڕانەوە، هاتنەوە ماڵەکەی خۆیان لە ڕامە. ئیتر ئەلقانە لەگەڵ حەنای ژنی جووت بوو و یەزدانیش بە یادی خۆی هێنایەوە. 20 ئەوە بوو لەو ساڵەدا حەنا سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو و ناوی لێنا ساموئێل و گوتی: «داوام لە یەزدان کرد.»
حەنا ساموئێل تەرخان دەکات
21 ئینجا ئەلقانە و سەرجەم ماڵەکەی چوون بۆ سەربڕینی قوربانی ساڵانە بۆ یەزدان و بەجێهێنانی نەزرەکەی. 22 بەڵام حەنا نەچوو و بە مێردەکەی گوت: «پاش ئەوەی کوڕەکە لە شیر دەبڕدرێتەوە، دەیبەم هەتا لەبەردەم یەزدان پێشکەش بکرێت و هەتاهەتایە لەوێ بمێنێتەوە.»
23 ئەلقانەی مێردیشی پێی گوت: «خۆت چی بە باش دەزانیت ئەوە بکە و بمێنەوە هەتا لە شیری دەبڕیتەوە، تەنها با یەزدان وشەی خۆی بچەسپێنێت.» جا حەنا مایەوە و شیری بە منداڵەکەی دا هەتا ئەو کاتەی لە شیری بڕییەوە.
24 پاش ئەوەی لە شیری بڕییەوە، لەگەڵ خۆی سەری خست لەگەڵ گایەکی سێ ساڵان و یەک ئێفە ئارد و مەشکەیەک شەراب و هێنای بۆ ماڵی یەزدان لە شیلۆ، کوڕەکەش هێشتا منداڵ بوو. 25 ئینجا گایەکەیان سەربڕی و کوڕەکەیان هێنایە لای عێلی، 26 حەنا گوتی: «گەورەم! منت لە یادە؟ دڵنیابە من ئەو ژنەم کە لێرە لەلای تۆ وەستام و نوێژم کرد بۆ یەزدان، 27 لە پێناوی ئەم منداڵە نوێژم کرد و یەزدانیش داواکارییەکەی پێدام کە لێم داوا کرد. 28 لەبەر ئەوە منیش دەیدەمەوە یەزدان، بۆ ئەوەی بە درێژایی ژیانی تەرخان بکرێت بۆ یەزدان.» ئیتر ساموئێل لەوێ مایەوە و یەزدانی پەرست.
* 1:11 واتە پابەندکردنی مرۆڤ خۆیەتی بە مەرجێکەوە، لە کاتێکدا کە داخوازییەک بەرز دەکاتەوە بۆ خودا و بە ئەرێ وەڵام دەدرێتەوە لەلایەن خوداوە. بڕوانە سەرژمێری 21:2‏‏.‏ 1:24 ‏نزیکەی شازدە کیلۆیە.‏