11
دوو شایەتەکە
پاشان قامیشێکی وەک داری پێوانەم پێدرا، خوداش پێی فەرمووم: «هەستە، پەرستگای خودا و قوربانگا بپێوە و ئەو خەڵکانە بژمێرە کە تێیدا کڕنۆش دەبەن. بەڵام واز لە حەوشەی پەرستگا بهێنە و مەیپێوە، چونکە بە ناجولەکەکان دراوە. ئەوان چل و دوو مانگ شاری پیرۆز پێشێل دەکەن. هەروەها توانا و دەسەڵات بە دوو شایەتەکەم دەدەم بۆ هەزار و دوو سەد و شەست ڕۆژ بە جلوبەرگی گوشەوە پەیامی خودا ڕابگەیەنن.» ئەمانە ئەو دوو دار زەیتوونە و ئەو دوو چرادانەن کە لەبەردەم پەروەردگاری جیهاندا ڕاوەستاون. ئەگەر یەکێک بیەوێت زیانیان پێ بگەیەنێت، ئاگر لە دەمیانەوە دەردەچێت و دوژمنانیان دەخوات. ئەگەر یەکێک بیەوێت زیانیان پێ بگەیەنێت دەبێت بەم شێوەیە بکوژرێت. ئەمانە دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە کە لە کاتی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا ئاسمان دابخەن، تاکو باران نەبارێت. هەروەها دەسەڵاتیان بەسەر ئاودا هەیە کە هەر کاتێک بیانەوێ بیکەنە خوێن و زەوی تووشی هەموو بەڵایەک بکەن.
کاتێک شایەتییەکەیان تەواو کرد ئەو دڕندەیەی لە بیری بێ بن دێتە دەرەوە، لەگەڵیان دەجەنگێت، دەیانبەزێنێت و دەیانکوژێت. هەروەها تەرمەکانیان لەسەر شەقامی شارە گەورەکە دەبێت کە ناوی مەجازی سەدۆم و میسرە، لەوێش گەورەکەیان لە خاچ درا. بۆ ماوەی سێ ڕۆژ و نیو خەڵکانێک لە هەموو گەل و هۆز و زمان و نەتەوەکان تەماشای تەرمەکانیان دەکەن و ناهێڵن تەرمەکانیان بنێژرێن، 10 هەروەها دانیشتووانی سەر زەوی پێی شاد دەبن و شایی دەگێڕن و دیاری بۆ یەکتری دەنێرن، چونکە ئەم دوو پێغەمبەرە دانیشتووانی سەر زەوییان ئازار دابوو.
11 بەڵام پاش سێ ڕۆژ و نیو هەناسەی ژیان لە خوداوە چووە ناویان، ئەوانیش هەستانەوە لەسەر پێیەکانیان و ترسێکی گەورە کەوتە سەر ئەوانەی تەماشایان دەکرد. 12 دەنگێکی بەرزیشیان لە ئاسمانەوە بیست کە پێی دەفەرموون: «سەربکەونە ئێرە.» ئەوانیش لەبەرچاوی دوژمنانیان لە هەوردا بۆ ئاسمان سەرکەوتن.
13 هەر لەو کاتەدا بوومەلەرزەیەکی گەورە ڕوویدا و دەیەکی شارەکە داڕما. حەوت هەزار کەس بە بوومەلەرزەکە کوژران، ئەوانی دیکە ترسان و ستایشی خودای ئاسمانیان کرد.
14 نەهامەتی دووەم نەما، ئەوەتا نەهامەتی سێیەم زوو دێت.
کەڕەنای حەوتەم
15 فریشتەی حەوتەمیش کەڕەناکەی لێدا و چەند دەنگێکی بەرز لە ئاسمانەوە هاتن و گوتیان:
«شانشینی جیهان بووەتە شانشینی پەروەردگارمان و مەسیحەکەی*،
مەسیحیش بۆ هەتاهەتایە پاشایەتی دەکات.»
16 ئەو بیست و چوار پیرەی کە لەبەردەم خودا لەسەر تەختەکانیان دانیشتبوون، خۆیان بە زەویدا دا و کڕنۆشیان بۆ خودا برد، 17 گوتیان:
«سوپاست دەکەین، خودای پەروەردگاری هەرە بەتوانا،
ئەوەی هەیە و هەبووە،
چونکە هێزە گەورەکەی خۆتت وەرگرت و
دەستت بە فەرمانڕەوایی کرد.
18 نەتەوەکان تووڕە بوون،
بەڵام کاتی تووڕەیی تۆش هاتووە.
کاتی لێپرسینەوەی مردووان هات،
بۆ پاداشتکردنی بەندە پێغەمبەرەکانت و
گەلە پیرۆزەکەت کە لە ناوی تۆ دەترسن، بە گەورە و بچووکەوە،
هەروەها بۆ لەناوبردنی ئەوانەی زەوی لەناودەبەن.»
19 پەرستگای خوداش لە ئاسمان کرایەوە و سندوقی پەیمانەکەی لە پەرستگاکەی دەرکەوت. لەوێدا بووە هەورە بروسکە و دەنگەدەنگ و هەورەگرمە و بوومەلەرزە و تەرزەی قەبارە گەورە باری.
* 11:15 بڕوانە دانیال 7:13‏-14.‏