2
ئامادەکاری بۆ بنیادنانی پەرستگا
سلێمان فەرمانی دا بە بنیادنانی پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدان و کۆشکێکیش بۆ پاشایەتییەکەی. بێگاری بە حەفتا هەزار پیاوی کۆڵکێش و هەشتا هەزار نەقاڕ کرد لە چیا، هەروەها بە سێ هەزار و شەش سەد کەس کە وەک سەرکاری ئەوان داینا.
سلێمان ناردی بۆ لای حیرامی پاشای سور و گوتی:
«وەک ئەوەم لەگەڵ بکە کە لەگەڵ داودی باوکم کردت، بەوەی کە داری ئورزت بۆ نارد تاکو کۆشکێک بۆ خۆی بنیاد بنێت و تێیدا نیشتەجێ بێت. ئێستا من پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارم بنیاد دەنێم، تاکو بۆی تەرخان بکەم بۆ سووتاندنی بخووری بۆنخۆش لەبەردەمی و بۆ نانی تەرخانکراوی بەردەوام و قوربانی سووتاندن لە بەیانییان و ئێواران، لە شەممە و سەرەمانگ و جەژنەکانی یەزدانی پەروەردگارمان، ئەمە هەتاهەتایە لەسەر ئیسرائیل دەبێت.
«ئەو پەرستگایەش کە من بنیادی دەنێم گەورەیە، چونکە خودامان لە هەموو خوداوەندەکان گەورەترە. بەڵام کێ دەتوانێت پەرستگایەکی بۆ بنیاد بنێت، چونکە ئاسمان و ئاسمانی ئاسمانەکان جێی ئەویان تێدا نابێتەوە! ئیتر من کێم هەتا پەرستگایەکی بۆ بنیاد بنێم، ئەگەر تەنها بۆ سووتاندنی قوربانی نەبێت لەبەردەمیدا؟
«ئێستاش پیاوێکم بۆ بنێرە دانا بێت لە کاری زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن و ڕیسی ئەرخەوانی و سووری تۆخ و مۆر، کارامە بێت لە پیشەی هەڵکۆڵین، هەتا لەگەڵ پیاوە داناکانی لای خۆم بێت لە یەهودا و ئۆرشەلیم، ئەوانەی داودی باوکم ئامادەی کردن.
«لە لوبنانەوە داری ئورز و سنەوبەر و ئەلگومم* بۆ بنێرە، چونکە دەزانم کە خزمەتکارەکانت لە بڕینی داری لوبناندا کارامەن. خزمەتکارەکانم ئامادەن لەگەڵ خزمەتکارەکانت کار بکەن بۆ ئەوەی دارێکی زۆرم بۆ ئامادە بکەن، چونکە دەبێت ئەو پەرستگایەی بنیادی دەنێم گەورە و سەرسوڕهێنەر بێت. 10 ئەو خزمەتکارانەت کە دارەکان دەبڕنەوە، بیست هەزار کۆر گەنم و بیست هەزار کۆر جۆ و بیست هەزار بەت§ شەراب و بیست هەزار بەت زەیتیان دەدەمێ.»
11 حیرامی پاشای سوریش لە نووسراوێکدا کە بۆ سلێمان ناردی نووسیبووی:
«لەبەر ئەوەی یەزدان گەلەکەی خۆی خۆشدەوێت، تۆی کردووەتە پاشایان.»
12 هەروەها حیرام گوتی:
«ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەوەی ئاسمان و زەویی دروستکردووە! ئەوەی کوڕێکی دانا و زانا و تێگەیشتووی داوەتە داودی پاشا، کە پەرستگایەک بۆ یەزدان و کۆشکێک بۆ پاشایەتییەکەی بنیاد دەنێت.
13 «ئێستا من پیاوێکی دانا و شارەزا و تێگەیشتووت بۆ دەنێرم بە ناوی حورام‌ئابی*، 14 کوڕی ژنێکە لە نەوەی دان و باوکیشی خەڵکی شاری سورە. شارەزایە لە کاری زێڕ و زیو، بڕۆنز و ئاسن، بەرد و دار، ڕیسی ئەرخەوانی و مۆر و سووری تۆخ، لەگەڵ کەتانی ناسک، هەروەها هەڵکۆڵینی هەموو جۆرە نەخشێک و داهێنانی هەموو داهێنانێک کە پێی بسپێردرێت، با لەگەڵ پیاوە داناکانت و لەگەڵ پیاوە داناکانی گەورەم داودی باوکت بێت.
15 «ئێستاش ئەو گەنم و جۆ و زەیتی زەیتوون و شەرابەی کە گەورەم باسی کردوون با بۆ خزمەتکارەکانی بنێرێت و 16 ئێمەش لە لوبنانەوە بەپێی پێویستیت دارت بۆ دەبڕین و دەیکەینە کەڵەک و دەیدەین بە دەم دەریاوە بۆ یافا و تۆش بۆ ئۆرشەلیم سەری بخە.»
17 سلێمان پاش ئەو سەرژمێرییەی کە داودی باوکی ئەنجامی دا، هەموو پیاوە بیانییەکانی ناو خاکی ئیسرائیلی سەرژمێری کرد، ژمارەیان سەد و پەنجا و سێ هەزار و شەش سەد پیاو بوون. 18 حەفتا هەزاریانی کردە کۆڵکێش و هەشتا هەزاریشی لە چیادا کردە نەقاڕ و سێ هەزار و شەش سەدەکەی دیکەشی کردە سەرکار بۆ ئەوەی کار بە گەل بکەن.
* 2:8 ئەلگوم جۆرە دارێکی بەهێزە لە لوبنان دەڕوێت، ڕەنگی سوور و بۆنخۆشە.‏ 2:10 بیست هەزار کۆر: نزیکەی 200‏3 تەن گەنم.‏ 2:10 بیست هەزار کۆر: نزیکەی 700‏2 تەن جۆ.‏ § 2:10 بیست هەزار بەت: نزیکەی 440 هەزار لیتر.‏ * 2:13 ئابی بە واتای (سەرکاری من) دێت.‏