زەبووری 50
زەبوورێکی ئاساف.
خودای توانادار، یەزدان، دەفەرموێت،
لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوای زەوی بانگ دەکات.
لە سییۆنەوە کە لە جوانیدا تەواوە،
خودا پڕشنگ دەدات.
خودامان دێت و بێدەنگ نابێت،
ئاگر لەپێشیەوە هەڵدەلووشێت،
گەردەلوولێکی بەهێز لە دەوریەتی.
بانگی ئاسمان دەکات لە بەرزایی،
هەروەها زەوی، بۆ دادگایی گەلەکەی:
«بۆم کۆبکەنەوە خۆشەویستانم*،
کە بە قوربانی پەیمانیان لەگەڵ بەستووم.»
ئاسمان ڕاستودروستییەکەی ڕادەگەیەنێت،
چونکە خودا خۆی دادوەرە.
 
«ئەی گەلی من، گوێ بگرن هەتا قسە بکەم،
ئەی ئیسرائیل، هەتا شایەتیت لەسەر بدەم:
من خودام، خودای تۆم.
سەرزەنشتت ناکەم لەسەر قوربانییەکانت،
قوربانی سووتاندنەکانت هەمیشە لەبەردەممە.
من پێویستیم بە گای ماڵەکەت نییە،
پێویستیم بە گیسکی ناو پشتیرەکەت نییە،
10 چونکە هەموو گیانلەبەرانی دارستان هی منن،
هەروەها مێگەلەکانی سەر هەزارەها گرد.
11 هەموو باڵندەی چیاکان دەزانم،
هەموو زیندەوەرانی دەشتودەر هی منن.
12 ئەگەر برسی بم، بە تۆ ناڵێم،
چونکە جیهان و هەرچی تێیدایە هی منە.
13 ئایا من گۆشتی گا دەخۆم،
یان خوێنی گیسک دەخۆمەوە؟
 
14 «قوربانی سوپاسگوزاری بۆ خودا بکە،
نەزرەکانت بەرامبەر هەرەبەرز بهێنە دی،
15 لە ڕۆژی تەنگانەدا نزام بۆ بکە،
دەربازت دەکەم و شکۆدارم دەکەیت.»
16 بەڵام خودا بە بەدکار دەڵێ:
«تۆ کێیت باسی فەرزەکانم دەکەیت،
یان پەیمانی منت بەسەر زماندا دێت؟
17 تۆ کە ڕقت لە تەمبێکردنە و
فەرمایشتی منت پشتگوێ خستووە.
18 کاتێک دزێک ببینیت، بە کردارەکەی ڕازی دەبیت،
بەشت لەگەڵ داوێنپیسانە.
19 دەمت بە خراپە دەکەیتەوە،
زمانت فێڵبازی دادەهێنێت.
20 دادەنیشیت و لە دژی براکەت قسە دەکەیت،
بوختان بۆ کوڕی دایکت هەڵدەبەستیت.
21 ئەمانەت کردووە و من بێدەنگ بووم،
وات زانی منیش وەک تۆم.
بەڵام من سەرزەنشتت دەکەم و
ڕووبەڕوو تاوانبارت دەکەم.
 
22 «ئەی ئەوانەی خوداتان لەبیر کردووە، ئەمە لەبەرچاو بگرن،
دەنا پارچەپارچەتان دەکەم، کەسیش نایەتە فریاتان.
23 ئەوەی قوربانی سوپاسگوزاری پێشکەش بکات، شکۆدارم دەکات،
ئەوەی ڕێگای خۆی ڕێک بکات، ڕزگاریی خودای نیشان دەدەم.»
* زەبووری 50:5 بۆ ئەوانەی کە پابەندن بە پەیمانی خۆشەویستی نەگۆڕی پەروەردگار.‏ زەبووری 50:6 لە دەقی عیبری لێرە وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏ زەبووری 50:9 پشتیر: گەوڕ، شوێنێکی تایبەت بووە بە پەروەردەکردنی ئاژەڵ.‏