زەبووری 20
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.
با یەزدان لە ڕۆژی تەنگانەدا بە دەنگتەوە بێت،
با ناوی خودای یاقوب بتپارێزێت.
با لە پیرۆزگاکەیەوە یارمەتیت بۆ بنێرێت و
لە سییۆنەوە پشتگیریت بکات.
با هەموو قوربانییەکانی تۆی لەبیربێت و
هەموو قوربانی سووتاندنەکانی تۆ قبوڵ بکات.*
با ئارەزووی دڵت بهێنێتە دی و
هەموو مەبەستەکانت بە ئەنجام بگەیەنێت.
هەلهەلە لێدەدەین بۆ ڕزگاربوونت و
بە ناوی خودامانەوە ئاڵا بەرز دەکەینەوە.
 
با یەزدان هەموو داواکارییەکانت بەجێبهێنێت.
 
ئێستا زانیم کە یەزدان دەستنیشانکراوەکەی ڕزگار دەکات،
لە پیرۆزگا ئاسمانییەکەی خۆیەوە بە دەنگییەوە دێت،
بە توانای ڕزگاریی دەستی ڕاستی.
هەندێک شانازی بە گالیسکە دەکەن و هەندێک بە ئەسپ،
بەڵام ئێمە شانازی بە ناوی یەزدانی پەروەردگارمان دەکەین.
ئەوان چەمانەوە و کەوتن،
بەڵام ئێمە هەستاین و چەسپاین.
ئەی یەزدان، پاشا ڕزگار بکە!
کە لێت دەپاڕێینەوە بەدەنگمانەوە وەرە!
* زەبووری 20:3 لە دەقی عیبری لێرە وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏ زەبووری 20:6 بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ مەشیخ‏ یان مەشیح‏.‏