دووەم نامەی یۆحەنا
1
لە پیرەکەوە*،
 
بۆ خانمی هەڵبژێردراو و بۆ منداڵانیشی کە لە ڕاستیدا خۆشمدەوێن، نەک تەنها من، بەڵکو هەموو ئەوانەی ڕاستی دەناسن، لەبەر ئەو ڕاستییەی تیاماندا نیشتەجێ دەبێت و هەتاهەتایە لەگەڵمان دەبێت:
 
با نیعمەت و بەزەیی و ئاشتیمان لە خودای باوک و عیسای مەسیحی کوڕی باوکەوە لەگەڵ بێت، بە ڕاستی و خۆشەویستییەوە.
ڕاستی و خۆشەویستی
زۆر دڵخۆش بووم کە بینیم هەندێک لە منداڵەکانت بەگوێرەی ڕاستی دەڕۆن، وەک باوک ڕایسپاردین. ئێستاش ئەی خانم، ڕاسپاردەیەکی نوێت بۆ نانووسم، بەڵکو ئەوەی لە سەرەتاوە هەمانبووە: داوات لێ دەکەم کە یەکتریمان خۆشبوێ. خۆشەویستی ئەمەیە: بەگوێرەی ڕاسپاردەکانی خودا بڕۆین. هەروەک لە سەرەتادا گوێتان لێی بووە، ڕاسپاردەکە ئەوەیە کە بە خۆشەویستی هەڵسوکەوت بکەن.
ئاگاداری گومڕاییکاران بن
چەواشەکاری زۆر بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە و دان بەوەدا نانێن کە عیسای مەسیح بە جەستە هاتووە. ئەو جۆرە کەسانە چەواشەکار و دژە مەسیحن. ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک ئەوە لەدەستبدەن کە کارمان بۆ کردووە، بەڵکو پاداشتی تەواو وەربگرن. هەرکەسێک پێش بکەوێت و لە فێرکردنی مەسیح بەردەوام نەبێت، بێبەرییە لە خودا. ئەوەی لە فێرکردنەکە بەردەوام بێت، هەم باوکی ئاسمانی و هەم کوڕەکەی هەیە. 10 هەر کەسێک هاتە لاتان و ئەو فێرکردنەی نەهێنا، لە ماڵەکەتان پێشوازی لێ مەکەن و سڵاوی لێ مەکەن، 11 چونکە ئەوەی سڵاوی لێ بکات، لە بەدکارییەکانیدا بەشدار دەبێت.
کۆتایی
12 زۆر شتم هەیە بۆتانی بنووسم، بەڵام نامەوێت بە مەرەکەب و کاغەز بێت، بەڵکو ئومێدەوارم لەگەڵتان بم و ڕووبەڕوو بدوێین، تاکو تەواو دڵخۆش بین.
 
13 منداڵانی خوشکە هەڵبژێردراوەکەت سڵاوت لێدەکەن.
* 1:1 مەبەست لە یۆحەنایە.‏ 1:3 خودا نیعمەت بە مرۆڤ دەبەخشێت، بە واتای بەخشینێکی خودایە کە بەبێ ئەوەی شایستەی بین خودا پێمان دەبەخشێت.‏ 1:13 مەبەست لە باوەڕدارانی کڵێسای ئەفەسۆسە. بڕوانە پێشەکی پەڕتووکەکە و ئایەتی یەک.‏