22
گرنگیدان بە بەرژەوەندی کەسانی دیکە
ئەگەر گا یان مەڕی هەر هاوڵاتییەکت بینی وێڵ بووە، خۆتی لێ گێل مەکە، بەڵکو پێویستە لەسەرت بۆ براکەتی بگەڕێنیتەوە، جا ئەگەر براکەت لێتەوە نزیک نەبوو یان نەتدەناسی، ئەوا بیخەرە ماڵەکەتەوە و لەلات دەبێت هەتا براکەت داوای دەکاتەوە، ئەوسا بۆی دەگەڕێنیتەوە. هەمان شت دەکەیت بۆ گوێدرێژەکەی و بۆ کەواکەی و بۆ هەر شتێکی ون بوو لە براکەت کە لێی ون دەبێت و تۆ دەیدۆزیتەوە، بۆت نییە خۆتی لێ گێل بکەیت.
کە گوێدرێژ یان گای براکەت دەبینیت لە ڕێگادا کەوتووە، خۆتی لێ گێل مەکە، بەڵکو پێویستە لەسەرت لەگەڵی هەڵیبستێنیتەوە.
شتومەکی پیاو نابێت بەبەر ژنەوە بێت و نابێت پیاو جلی ژن لەبەر بکات، چونکە هەرکەسێک ئەمە بکات، قێزەونە لەلای یەزدانی پەروەردگارت.
ئەگەر ڕێککەوت هێلانەی باڵندەیەک لە ڕێگا لەپێشت بوو، لەناو دارێک یان لەسەر زەوی و بێچوو یان هێلکەی تێدابوو و دایکەکەشی تێدابوو بە کڕی لەسەر بێچووەکان یان هێلکەکان هەڵنیشتبوو، ئەوا دایکەکە و بێچووەکان پێکەوە مەبە، دایکەکە ئازاد بکە و بێچووەکان بۆ خۆت ببە، بۆ ئەوەی چاکەت بۆ ببێت و درێژە بە ڕۆژانت بدەیت.
ئەگەر خانووێکی نوێت بنیاد نا، ستارە بۆ سەربانەکەت بکە، نەوەک خوێنێک بهێنیتە سەر ماڵەکەت ئەگەر یەکێکی لێ کەوتە خوارەوە.
لە ڕەزەکەت دوو جۆر تۆو مەچێنە*، ئەگەر ئەمە بکەیت، نەک تەنها ئەوەی دەیچێنیت، بەڵکو بەری ڕەزە مێوەکەشت بۆ پیرۆزگا تەرخان دەکرێت.
10 کێڵان بە گا و گوێدرێژ پێکەوە مەکە.
11 جلوبەرگی تێکەڵاو لەبەر مەکە، خوری و کەتان پێکەوە لەبەر مەکە.
12 لە لچکەکانی کەواکەت کە خۆتی پێ دەپۆشیت، گوڵینگ بۆ خۆت بکە.
شکاندنی پەیمانی ژن و مێردایەتی
13 ئەگەر پیاوێک ژنێکی هێنا و کاتێک چوو بۆ لای ڕقی لێی بووەوە و 14 قسەی بۆ هەڵبەست و ناوێکی خراپی بەدواوە نا و گوتی، «ئەم ژنەم هێنا و کە چوومە لای پەردەی کچێنی نەبوو.» 15 دایک و باوکی کچەکە بەڵگەی کچێنییەکەی دەبەن و لەلای دەروازەی شارۆچکەکە بۆ پیرانی شارۆچکەکە دەسەلمێنن. 16 باوکی کچەکە بە پیران دەڵێت، «کچەکەی خۆمم بەم پیاوە دا ببێتە ژنی و ڕقی لێی بووەوە. 17 وا قسەشی بۆ هەڵبەستووە و دەڵێت: ”کچەکەت پەردەی کچێنی نەبوو،“ ئەمەش بەڵگەی کچێنی کچەکەمە،» جلەکەش لەبەردەم پیرانی شارۆچکەکە دەخەنە ڕوو، 18 ئیتر پیرانی ئەو شارە پیاوەکە دەبەن و تەمبێی دەکەن. 19 سزای دەدەن بە سەد شاقلی§ زیو بۆ باوکی کچەکە، چونکە ناوێکی خراپی خستە دوای پاکیزەیەک لە ئیسرائیل، جا دەبێتە ژنی و بە درێژایی ژیانی ناتوانێت تەڵاقی بدات.
20 بەڵام ئەگەر تۆمەتبارکردنەکە ڕاست بوو و کچەکە بەڵگەی پاکیزەیی نەبوو، 21 ئەوا کچەکە دەبەنە بەردەرگای ماڵی باوکی و پیاوانی شارەکەی بەردبارانی دەکەن هەتا دەمرێت، چونکە کارێکی ناشیرینی لە ئیسرائیلدا کردووە بە بەدڕەوشتییەکەی کە لە ماڵی باوکی کردوویەتی، جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن.
22 ئەگەر بینرا پیاوێک لەگەڵ ژنێکی بەمێرد جووت بووە، ئەوا هەردووکیان دەکوژرێن، ئەو پیاوەی لەگەڵ ژنەکە جووت بووە و ژنەکەش، جا خراپەکاری لە ئیسرائیلدا دادەماڵن.
23 ئەگەر کچێک مارەبڕاو بێت بۆ پیاوێک و پیاوێکی دیکە لەناو شار بینی و لەگەڵی جووت بوو، 24 ئەوا هەردووکیان ببەنە دەرەوە بۆ لای دەروازەی ئەو شارۆچکەیە و بەردبارانیان بکەن هەتا دەمرن، لەبەر ئەوەی کچەکە لەناو شار هاواری نەکرد بۆ فریاکەوتن و هەروەها پیاوەکەش ئابڕووی دەستگیرانی پیاوێکی دیکەی برد، جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن.
25 بەڵام ئەگەر پیاوێک کچێکی مارەبڕاوی لە کێڵگەدا بینی و لاقەی کرد، ئەوا تەنها پیاوەکە کە لاقەی کردووە دەمرێت، 26 بەڵام کچەکە هیچی لێ ناکرێت، کچەکە گوناهێکی لەسەر نییە شایانی سزای مردن بێت، بەڵکو چۆن پیاوێک پەلاماری دراوسێکەی بدات و بیکوژێت، ئەو ڕووداوەش ئاوایە، 27 کچەکەی لە کێڵگەدا بینیوە و کچە مارەبڕاوەکە هاواری کردووە و کەس نەبووە ڕزگاری بکات.
28 ئەگەر پیاوێک کچێکی نیشان نەکراوی بینی و لاقەی کرد و هەردووکیان ئاشکرا بوون، 29 ئەوا پیاوەکەی ئابڕووی بردووە، پەنجا شاقل زیو* دەداتە باوکی کچە و ئەویش دەبێتە ژنی، لەبەر ئەوەی دەستدرێژی کردووەتە سەری، بە درێژایی ژیانیشی ناتوانێت تەڵاقی بدات.
30 نابێت پیاوێک ژنی باوکی خۆی بهێنێت و ناموسی باوکی ببات.
* 22:9 بڕوانە لێڤییەکان 19:19‏‏.‏ 22:12 لاولوێچ یان لچک مەبەست لە سەرگۆشەی قوماشە یان جل و بەرگ.‏ 22:12 مەبەست لەم یاسایە یادکردنەوەی ڕاسپاردەکانی خودایە. بڕوانە سەرژمێری 15:37‏-41.‏ § 22:19 نزیکەی یەک کیلۆگرام.‏ * 22:29 نزیکەی 0,6 کیلۆگرام.‏